پەیامی پیرۆزبایی بۆ حزبی شیوعی کوردستان

بەڕێز مەکتەبی سیاسی حزبی شیوعی کوردستان.

 بەڕێزان! ئەندامانی مەکتەبی سیاسی حزبی شیوعی عێراق.

 سڵاوی رزگاری و سەرخۆبوون..

 لە پێوەند بە (٣١)ی ئازار ساڵڕۆژی دامەزراندنی حزبی شیوعی، بەختەوەرین بەناوی خۆمان و لەجیاتی هەڤاڵانمان لە سەرکردایەتی حزبی رزگاریی کوردستان، لە ناخی دڵەوە پیرۆزباییتان لێبکەین و لەڕێی ئێوەی بەڕێزو تێکۆشەریشەوە سڵاو و پیرۆزبایی خۆمان پێشكەش بە سەرجەم کادرو ئەندام و پێشمەرگەو هەوادارنی حزبە خەباتگێڕەکەتان بکەین، هەر لەم پێوەندەدا دەخوازین کە کاروانی یەکسانیخوازی بەرەو سەرکەوتن و پێشكەوتن شێلگیرانەتر هەنگاو بهاوێژێ.

 بەڕێزان! لەکەس شاراوە نیە کە حزبی شیوعی عێراق و کوردستان بە درێژایی هەشتاو دوو ساڵ بەردەوام لەكۆڕی خەبات قایم راوەستاون و لێبڕاوانە تێکۆشاون، تێکۆشەرانی رێبازی یەکسانیخوازی و خەباتی چینایەتی لە هەرشوێنی بووبن بەرەنگاری زوڵم و زۆرداری بوونەتەوە، شیوعیەکان بە ئازایەتی، بەگیانبازی و قوربانیدان مێژووێکی پڕ لە شانازیان نەخشاندووە، هەمیشە جێی رێزو ستایشی ئازادیخواز و رزگاریخوازن بوونە. لەلایەکی دیکەشەوە، شیوعیەکان بە خەبات و تێکۆشانی بێوچانیان خزمەتێکی زۆر گەورەیان بە بزاڤی رزگاریخوازی، یەکسانیخوازی و بیری چەپ و پێشکەوتنخوازی لە کوردستاندا کردووە، بەوهۆیەوە ئێمە لەحزبی رزگاریی کوردستاندا بە رێزەوە لە خەبات و تێکۆشانی حزبی شیوعی دەڕوانین، هیواخوازین کە بە رۆحیەتی جارانەوە کۆڕی خەبات و تێکۆشان ئاوەدانتر بکاتەوە.

 لەکۆتاییدا سڵاو پیرۆزبایی خۆمان دووپات دەکەینەوەو هیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازین.

 شکۆدار بێ هەشتاودووهەمین ساڵڕۆژی دامەزراندنی حزبی شیوعی.

 نەمری و سەربەرزی بۆ شەهیدانی رێی ئازادی و وەکهەڤی.

 

مەکتەبی سیاسی

حزبی رزگاریی کوردستان

٣١-٣-٢٠١٦