سانسۆردانان لەسەر ڕۆژنامەوانان بە بیانۆی شەڕ لە گەڵ پەکەکە دژی یاساکانی کاری ڕۆژنامەوانییە

 

لە دوای ئەوەی ڕژێمی تورکیا هەڕەشەی شەڕ  و هێرشی لە باشووری کوردستان کرد  و داوایان کرد پەکەکە لەو هەرێمە دەربکرێت، بەرپرسیارانی هەرێمی کوردستان وەک ڕێگایەک  بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە دەیانه‌وێت گوشار لە سەر ڕۆژنامەوانان دابنێن و ئازادی هاتووچوو و بەدواداچوون لە ڕۆژنامەوانان ئاستەنگ بکەن و لە ڕاگەیاندنێکدا دەیانەوێت هاتووچوو بۆ دەڤەری قەندیل و ناوچەکانی شەڕ قەدەغە بکەن ..

کۆمیتەی بەرگری لە ڕۆژنامەوانانی کوردستان ئەم کار و نیازەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و دەسەڵاتدارانی باشووری کوردستان بە سانسۆر و پێشلکاریەکی ترسناک دادەنێت لە کاری ڕۆژنامەوانی. بە گوێرەی یاسای کاری ڕۆژنامەوانی  مەیدانانی شەڕ و جێگاکانی ململانێ گۆڕەپانی هەرە ئاسایی کاری ڕۆژنامەوانانە و دەبێ دەسەڵاتدارانی  ئەو ناوچانە هەموو ئاسانکاریەک بۆ ڕۆژنامەوانان دابین بکەن بۆ ئەوەی بتوانن ئازادانە کاری خۆیان بکەن، هەروەها دەبێ دەسەڵاتداران و لایەنانی بە شەڕچوو هێز دابینبکەن بۆ پاراستنی ڕۆژنامەوانان لە کاتی ئەنجامدانی کارەکەیان و چاودێری کردنیان بۆ مەیدانی شەڕ و ناکۆکی. نەبوونی ڕۆژنامەوانان لەو جێگایانەدا مەترسی ئەوە دروست دەکات کە تاوان بەرامبەر کەسانی سڤیل و هێزەکانی بەشەڕچوو ئەنجام بدرێت.

کۆمیتەی بەرگری لە ڕۆژنامەوانان داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات بە شێوەیەکی  قانونی مامەڵە لە گەڵ ڕۆژنامەوانان بکەن و کار ئاسانی بۆ ڕۆژنامەوانان دابنێن نەک  سانسۆر. هەروەها داوا لە تورکیا دەکەین ڕێگا بە ڕۆژنامەوانانی سەربەخۆ بدەن لەگەڵ هیزی سەربازیی جموجۆڵ بکەن و تەنیا ڕۆژنامەوانی سەر بە دەسەڵات ڕەوانەی بەرەی جەنگ نەکرێن.

ئێمە  بە ڕێگای  نوێنەرانمانەوە چاودێری تەواوی  بارودۆخەکە دەکەین هیواداراین حکومەتی هەرێمی کوردستان نەبێتە ئەو لایەنەی پێشێلکاری دەکات لەم شەڕەدا

 

کۆمیتەی بەرگری لە ڕۆژنامەوانانی کوردستان

2007-11-07

Ko_b_r_ku@yahoo.com