پشتیوانی لە مانگرتوانی باکووری کوردستان دەکەین

کۆمەڵانی هەراوی خەڵکی کوردستان!

ئازادیخوازانی جیهان!

   ئەمڕۆ ٤3 رۆژە کە پۆلێک بەندکراوی کورد لە گرتوخانەکانی تورکیا مانیان لە خواردن گرتووە و پێداگری لەسەر جێبەجێکردنی خواستەکانیان دەکەنەوە، بەڵام حکومەتی تورکیا وەڵامی خواستەکانیان ناداتەوە، وڵاتانی یەکێتی ئەوڕوپاش خۆیان نەبان کردوە و چاو لەو رەشبگیریە دەپۆشن کە رژێمی تورکیا دژ بە رۆژنامەوان و چالاکوانانی کورد درێژەی پێدەدا، هەروەها  ئاوڕ لە خواستەکانی مانگرتووان نادەنەوە و گوشار بۆ حکومەتی ئەنکارا  ناهێنن، لە کاتێکدا کە خواستەکانی ئەو مانگرتوانە سادەن، ئەوان دەخوازن کە گۆشه‌گیری لەسەر ڕێزدار عه‌بوڵڵا ئۆجه‌لان، رێبه‌ری پارتی كرێكارانی كوردستان هەڵبگیرێ، هەروەها رێگە بەوانیش بدرێ بە زمانی دایک واتە بە زمانی کوردی لە دادگەدا بەرگری لەخۆیان بکەن و خۆیان بپارێزن‌. لەو پێوەندەدا ئێمە لە حزبی رزگاریی کوردستاندا لەکاتێکدا مانگرتنی زیندانیان بە شێوازێکی نوێ خەبات دەناسین و پشتیوانی لە خواستەکانی مانگرتوان دەکەین، لەهەمان کاتدا سیاسەتی رژێمی تورکیا دەرهەق بە گەلی باکووری کوردستان ریسوا دەکەین و سیاسەتی دووفاقەیی وڵاتانی ئەوڕوپاش لە قاو دەدەین. وڵاتانی ئەوڕوپا دەنگی ناڕەزایی لەبەرانبەر هەندێک حکومەت بەرزدەکەنەوە کە ستەم و چەوسانەوە دژ بەگەلەکانیان بەڕێوە دەبەن، کەچی حکومەتی ئەنکارا سیاسەتی رەشبگیری دژ بە گەلی باکووری کوردستان بەڕێوە دەبات، رێنادات بەندکراوان بە زمانی دایک پارێزگاری لەخۆیان بکەن، هەروەها بە ئاگرو ئاسن وەڵامی خواستە نەتەوەییەکان دەداتەوە، کەچی وڵاتانی ئەوڕوپا ورتەناکەن، باوەشی بۆ دەگرنەوەو زەمینەسازی بۆ بە ئەندامبونی لە یەكێتیی ئەوڕوپادا دەکەن.

   ئەم سەدەیە بە سەدەی جیهانگیری بۆ وەدەستهێنانی ماف و ئازادی تاک و کۆمەڵ و نەتەوەکان ناودێر کراوە، بەڵام هێشتا لە باکووری کوردستان، لەسەر سەرەتاییترین خواستی نەتەوەیی هەڵمەتی رەشبگیری دژ بە گەلی کورد بەڕێوەدەچێ. فەرمانڕەوایانی تورکیا لە کاتێکدا لەبەردەم کامێرای مێدیاکاندا باس لە مافی مرۆڤ دەکەن و پشتیوانی خۆیان بۆ گەلانی راپەڕیوی دژ بە دیکتاتۆران دووپات دەکەنەوەو بانگەشەی چارەسەرکردنی کێشەی کورد دەکەن، کەچی بێشەرمانە هێرش دەکەنە سەر چالاکوانانی کورد و هەڵمەتی رەشبگیری بەڕێوەدەبەن. جا ئەگەر تورکیا دەیەوێ کێشەی کورد چارەسەر بکات، دەبێ هەنگاوەی کردەیی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە هەڵبگرێتەوە، رێزدار عەبدوڵڵا ئۆجەلان و زیندانیانی دیکە ئازاد بکات، دەنا بە راپەڕینی گەل فەرمانڕەوایانی ئەنکارا بە چارەنووسی فەرمانڕەوا دیکتاتۆرو ملهۆڕەکانی دیکە دەچن و گۆڕ دەکرێن.

 

سڵاو لەو بەندکراوانەی کە مانگرتیان کردۆتە چەکی بەرخۆدان و بەرگریکردن لە خۆیان و لە گەلەکەیان.

ریسوایی و شەرمەزاری بۆ فەرمانڕەوایانی ستەمکار.

 

مەکتەبی سیاسی

حزبی رزگاریی کوردستان

٢٤-١٠-٢٠١٢