هەڵەبجە لەبیرت ناکەین

 کۆمەڵانی هەراوی خەڵکی کوردستان!

 سەربەخۆخواز و ئازادیخوازان!

 بنەماڵەی شەهیدان و قوربانیانی رێی ئازادی نیشتمان!

 بیست و هەشت ساڵ لەمەوبەرو لە رۆژی 16-03-1988 فڕۆکە جەنگیەکانی رژێمی بەعس شاری هەڵەبجەیان ژەهرباران کرد، بەوهۆیەوە زیاتر لە 5 هەزار مرۆڤی سڤیل و لاشەڕ شەهید بوون و نزیکەی 10هەزاری دیكەش بریندار بوون، تەواوی دانیشتووانی شارەکەش بەناچاریەوە زێدی خۆیان جێهێشت و بەرەو ئاوارەیی رۆیشتن.

 كیمیابارانكردنی شاری هەڵەبجە بەتەنیا تاوانێكی بێوێنە نەبوو، بەڵکو لەژێرپێنانی تەواوی یاساو رێساکانی نێودەوڵەتی بوو، یەکەمینجار بوو لە مێژوودا کە دەستەڵاتداری وڵاتێک، دڕندانە هاونیشتمانیانی شارێکی ژێر قەڵەمڕەوی خۆی کیمیاباران بکات. ئەوێ رۆژێ هەموو وڵاتان دەیانزانی لەبەرکوردبوونی خەڵکەکەی ئەو شارە ژەهرباران کراوە، کەچی مخابن جیهانی بەرژەوەندخواز چاوی نوقاند و گوێچەی خۆی داخست و ئاوڕی لە ئازارو مەینەتیەکانی قوربانیان نەدایەوە، بەڵام ئێستا دوای دادگەییکردنی تاوانباران و بەجینۆساید ناساندنی ئەو کارەساتە لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە، دەبێ جیهانی بەرژەوەندخواز بەخۆی دابچێتەوەو لە شەرمەزاریدا بتوێتەوە، لایەنی کەم قەرەبووی زیانلێکەوتوان بکاتەوە کەبەهۆی هاوکاری ئەوانەوە بۆ رژێمی سەدام، زیانیان پێکەوتووە. ئەمڕۆ دوای بیست و هەشت ساڵ کاتێک كە یادی كیمیابارانكردنی شاری هەڵەبجە دەكەینەوە، وێڕای داخباری و سامگرتی بوون، دەبێ ویژدانی زیندووی گەلان رابچڵەکێ و بەزەیی بە نەتەوەیی کورددا بێتەوە، ئێستاش هەڵەبجەییەکان بە داخبارییەوە بیر لەو هاوکاریانە دەکەنەوە کە ئەوێ رۆژی وڵاتانی رۆژئاوا پێشکەش بە رژێمی عێراقیان کردبوو. ئەمڕۆ بنەماڵەی قوربانیەکانی هەڵەبجە بە نیگەرانیەوە لەو بەڵێنانە دەڕوانن کە لە رابردوو درابوون و ئێستاش جێبەجێ نەکراون.

 ئەمڕۆ کاتێک یادی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە دەکەینەوە، وێڕای ئەوەی کە هەڵەبجە بە فەرمی بووە بە پارێزگا، بەڵام هێشتا وەکو پێویست گرنگی پێنەدراوە، لەرووی خزمەتگوزاری و ئاوەدانكردنەوە لە ریزبەندی دواوە دایە. هێشتا شوێنەواری گازی كیمیایی لەسەر جەستەی سەدان كەسدا ماوەتەوە. هێشتا سیمای وێرانەیی بەرۆکی هەڵەبجەی بەرنەداوە، بۆیە دەخوازین کە دەسەڵاتدارانی كوردستان بوێرانە رەخنە لەخۆیان بگرن و دان بەو کەمتەرخەمیەدابنێن کە بەدرێژایی 25 ساڵی رابردوو درێژەی پێدراوە. دەخوازین کە حکومەتی هەرێم بودجەی تایبەت بۆ پارێزگای هەڵەبجە تەرخان بکات، بۆ ئاوەدانکردنەوەو گەشەپێدانەوەی شارەکە, داهاتی خاڵە سنووریەکانی دەڤەرەکە بۆ پارێزگای هەڵەبجە بگەڕێتەوە.

 سڵاو لەگیانی پاکی ئەو مرۆڤانەی کە بەناهەق ژەهرباران کران و شەهید کران.

 سڵاو لە هەڵەبجە کە بەخۆڕاگری خۆی دوژمن و ناحەزانی کوردستانی ریسوا و شەرمەزار کرد.

مەکتەبى سیاسى

حزبى رزگاریی کوردستان

١٦-٣-٢٠١٦