شاندێکی هاوبەشی هەردوو لایەنی (رزگاری و سەربەخۆیی) سەردانی نوێنەرایەتی هەرێمی فیدراڵی رۆژئاوا دەکات

 بەبۆنەی پێکهێنان و راگەیاندنی هەریمی فیدراڵی رۆژئاوای کوردستان، کاتژمیڕ ١١.٣٠ی ئەمڕۆ ٣-٤-٢٠١٦ شاندێکی هاوبەشی حزبی رزگاریی کوردستان و پارتی سەربەخۆیی کوردستان بە مەبەستی پیرۆزبایی لێکردن، سەردانی نوێنەرایەتی هەرێمی فیدراڵی رۆژئاوای کوردستانیان کرد لە شاری سلێمانی.

 بەبۆنەی راگەیاندنی هەرێمی فیدراڵی رۆژئاوای کوردستان و باکووری سوریا، شاندێکی هاوبەشی پارتی سەربەخۆیی و حزبی رزگاریی کوردستان کە پێکهاتبوو لە بەڕێزان (هیوا مستەفایی و عەلی یوسف لە پارتی سەربەخۆیی، هەروەها رێکار ئەحمەد و هۆگر محەمەد لە حزبی رزگاری) سەردانی نوێنەرایەتی هەرێمی فیدراڵی رۆژئاوای کوردستانیان کردو لەلایەن بەڕێز کاک شێرزاد ئێزدی بەرپرسی نوێنەرایەتی و ئەندامانی دیکەی ئۆفیسی نوێنەرایەتی پێشوازیان لێکردا، شاندی میوان بەناوی هەردوو پارتی سەربەخۆیی و حزبی رزگاری پیرۆزباییان لێکردن و هیوای سەرکەوتنیان بۆ خواستن و پشتیوانی خۆیان بۆ ئەو دەستکەوتە نەتەوەییە راگەیاند.

 نوێنەرانی هەرێمی فیدراڵی رۆژئاواش سوپاسی شاندە هاوبەشەکەیان کردو هیوایانخواست کە هاوکاری و هاوخەباتی کوردستانیان پتەوترو بەهیز تربێ، هەروەها بە یەکێتی و هاوخەباتی گەلی کوردستان ماف و ئازادیەکانی خۆی وەدەست بێنێتەوەو لە نیشتمانی خۆیدا ئازاد، رزگار و سەربەخۆ بژیت و پێکەوە ژیانی نەتەوەکان بە ئاشتی و ئارامی بکاتە دیاری بۆ جیهان.

 جێی ئاماژەیە کە لەبارەگای نوێنەرایەتی هەرێمی فیدراڵی رۆژئاوا شاندە هاوبەشەکە بۆ کەناڵەکانی 'کوردساتنیوز، کەی ئێن ئێن و کوردسات' دوان و پشتیوانی خۆیان دووپات کردەوە وجەختیان کردەوە کە پێکهێنانی هەرێمی فیدراڵ لە رۆژئاوا دەستکەوتێکی نەتەوەیی و نیشتمانیەو ئەرکێکی وڵاتپارێزیە کە هەموو کوردستانیان پشتیوانی لێبکەن