لە ساڵیادی تاوانی ئەنفالدا دەبێ تاوانباران رادەستی دادگە بکرێن

کۆمەڵانی هەراوی خەڵکی کورستان!

ئازادیخواز و سەربەخۆخوازان!

بنەماڵەی سەربەرزی ئەنفالکراوان!

لە ١٤-٤-٢٠١٦ جارێکی دیکە گەلی کوردستان بە داخباریەوە لەبەردەم گەورەیی گیانی ئەنفالکراواندا رادەوەستن و ئەفسوس دەخۆن کە دوای تێپەڕبوونی بیست و هەشت ساڵ بەسەر گەورە تاوانی ئەنفالدا، کەچی هێشتا تاوانباران و ئەنفالچیان بەبەرچاوی بنەماڵەی قوربانیانەوە ئازادانە دەسوڕێنەوەو رێگری لە دەستگیرکردن و دادگەییکردنیان دەکرێ، بۆیە حزبی رزگاریی کوردستان جارێکی دیکە بە دەنگی بەرز داوا لە دەستەڵاتداران دەکات کە ئەنفالچی و تاوانباران رادەستی دادگە بکەن، چونکە بەوهۆیەوە کەمێک لەبرینی بنەماڵەی قوربانیان ساڕێژ دەبێ.

لەساڵیادی ئەنفالکراواندا دەڵێین: جێی داخە کە دوای ٢٨ ساڵ لەئەنجامدانی تاوانی ئەنفال، ھێشتا کەسوکاری ئەنفالکراوان لەچاوەروانی روفاتی پیرۆزی خۆشەویستانیاندان، کەچی حكومەتی هەرێم بەبیانۆی قەیرانی داراییەوە گرفت و کێشە بۆ وەزارەتی پەیوەنددار دروست دەکات.

ئەمڕۆ دوای تێپەڕبوونی بیست و هەشت ساڵ بەسەر تاوانی ئەنفالکردن، هێشتا برینەکانی ئەنفال بە جەستەی کوردستانیان دیارەو خوێنی لێدەچۆڕێتەوە، وێڕای ئەوەشەوە رێکخراوی بیرتاریکی داعش کە لەلایەن رەگەزپەرستانەوە پشتیوانی لێدەکرێ، بەهەمان هەناسەی رژێمی بەعس درێژە بەڕەشەکوژی کوردستانیان دەدات، ئەمەش وادەخوازێ کە هاونیشتمانیان و هێزە سیاسیەکان یەکدەست و یەکسەنگەر دژ بە داگیرکاران بجەنگن و رێ لە داگیرکاری و رەشەکوژی بگرن.

ئەمڕۆ لە ١٤ی نیساندا لە کاتێکدا کە بە خەمناکیەوە یادی ئەنفالکراوان دەکەینەوەو درود بۆ گیانی شەهیدان دەنێرێن، لەهەمان کاتدا سڵاو لە بنەماڵەی سەربەرزی شەھیدان و ئەنفالکراوان دەکەین و دەستی پێشمەرگە قارەمانەکانمان دەکوشین و هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازین.

سڵاو بۆ گیانی ئەنفالکراوان کە ناسنامەی شەهیدی زۆرلێکراوی کوردستانن.

نەمری و سەربەرزی بۆ شەهیدانی رێی ئازادی و وەکهەڤی.

نەفرەت لە داگیرکار، نەفرەت لە بەعسزادەو داعشی بیرتاریک.

 

مەکتەبی سیاسی

حزب رزگاریی کوردستان

١٤-٤-٢٠١٦