شاندێکی حزبمان بەشداری لە کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستاندا دەکات

 لەسەر بانگهێشتنی کۆنسەی بەڕێوەبەری کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان ک.ن.ک، شاندێکی حزبی رزگاریی کوردستان کە پێکهاتبوو لە بەڕێزان رێکار ئەحمەد، سکرتێری گشتی، عومەر حەسەن ئەندامی مەکتەبی سیاسی و سەرکەوت جاف بەشداریان لە جڤاتی سێزدەهەمینی کۆبوونەوەی گشتی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستاندا کرد کە لەرۆژی ٢٥ و ٢٦ی ئایار لە شاری برۆکسلی پێتەختی وڵاتی بەلجیکادا بەڕێوەچوو، هەر بەو بۆنەیەوە هەڤاڵ رێکار ئەحمەد، وتەیەکی پێشكەش کردو جەختی لەسەر گرنگی و بایەخی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان کردەوە، لە میانی وتەیەکەیدا رایگەیاند راستە کە یەکەمین رۆژنامەی کوردستان لەسەردەستی تێکۆشەرێکی باکور لە ساڵی ١٨٩٨ لە قاهیرە واتە لە هەندەران چاپ و بڵاوکرایەوە، بەڵام تا باشوور خاوەندارێتی لێنەکرد، کاروانی رۆژنامەگەری کوردی شکڵی نەگرت و بزاڤی رۆژنامەوانی وەڕێ نەکەوت و بەم شێوەیە پێشنەکەوت کە ئەمڕۆ هەیە، هەروەها راستە هێزێکی تێکۆشەری باکوور بانگی کۆنگرەی نەتەوەیی هەڵداو بە پشتیوانی ئەو هێزە تێکۆشەرە کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان لە ئایاری ١٩٩٩ لە هۆڵەندا، واتە لە هەندەران پێکهات، بەڵام کاتێک شکڵ دەگرێ و کاروانەکەی بەهێز دەبێ کە هێزە سەرەکیەکانی باشووری خاوەندارێتی لێدەکەن و تەواوی هێزە سیاسیەکانی کوردستان تێیدا بەشداری بکەن.

جێی ئاماژەیە زۆرینەی هێزە سیاسیەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان چ وەک ئەندام چ وەک میوان و چاودێری بەشداریان لە سێزدەهەمین جڤاتی گشتی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستاندا کرد و وتاری خۆیان پێشکەش کرد. هەروەها لە دواین رۆژی کۆنگرەکەدا تاهیری کەمالیزادە و نیلۆفەر کۆچ وەک هاوسەرۆکی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان و سێزە بەڕێزی دیکەش وەک ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەرو سێ کەسیش وەک ئەندامی جێگری دەستەی ڕێوەبەری هەڵبژێردران