راگەیاندراوی یەکگرتنی پارتی سەربەخۆیی کوردستان و پارتی سەربەستیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

 

ڕۆژی ٣ ی گوڵانی ٢٧١٥ی كوردی پارتی سەربەستیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و پارتی سەربەخۆیی کوردستان لە پێناو بەرژەوەندی نەتەوەیی و کۆ کردنەوە و بەهیز کردن و ڕێکخستنەوەی بیری کوردستانی و هەروەها بۆ ڕزگار بوون لە پرژوبڵاوی هێڵی سەربەخۆییخوازانی وڵاتەکەمان دوای زەنجیرە کۆبوونەوەیەک و دیالۆگی بێوچان بەو ئاکامە گەیشتین کە هەر دوو پارتەکە یەکبگرین و لەمە بەدواوە وەک یەک حیزب درێژە بە خەباتی نەتەوایەتیی بۆ ڕزگاری و سەربەخۆیی کوردستان بدەین.

لە دیالۆگەکاندا هەر دوولا لەسەر ئەو باوەڕە بووین کە ناوی پارتی سەربەخۆیی کوردستان کە خاوەن مێژووێکی دێرینی تێکۆشان و خەباتی سەربەخۆییە، وەک ناوی ئەم پارتە نوییە بمێنێتەوە و مێژووی تێکۆشانی هەردوو پارتەکەش بە مێژووی پارتی سەربەخۆیی کوردستان هەژمار و تۆمار بکرێت.

بەم بۆنەوە پارتی سەربەخۆیی کوردستان جارێکی دیکە لەگەڵ گشت کوردستانیان پەیمان نوێ دەکاتەوە کە لە پێناو ڕزگاریی و سەربەخۆیی وڵات، هاوڵاتییانی ئازاد و کۆمەڵگای بەختەوەری کوردستان بە گەڵاڵە، بەرنامە و ستراتێژیی نوێ پێ بنێتە قۆناخێکی نوێ لە خەبات و تێکۆشانی نەتەوەیی.

پارتی سەربەخۆیی کوردستان، تێکۆشان لە پێناو بنیاتنانی یەکێتی نەتەوەیی گشتگیر لە کوردستانی مەزن بە یەکێک لە گرینگترین ئەرکەکانی خۆی دەزانێت و ئەم جارە بە نەخشەڕێی ڕزگاریی، تیكۆشانی خۆی دەربازی قۆناخێکی نوێ دەکات. لەم قۆناخە نوێیەدا بە ئەرکی خۆمانی دەزانین کە کۆمەڵگای کوردی لەگەڵ گشت ئەو کەرەسانەی کە ئێمە بە ئامانجی ڕزگاریی و سەربەخۆیی دەگەیەنێت ئاشنا بکەین و تێکۆشانی بێوچان بکەین بۆ جێگیر کردنی فەرهەنگی یەکبوون و تەبایی، تێبکۆشین بۆ کۆتایی هێنان بە فەرهەنگی دووبەرەکیی و لێکدابڕان.

بەم ئومێدە کە یەکگرتنی ئێمە ڕێخۆشکەر بێت بۆ تەشەنە کردنی یەکێتی زیاتر لە نێوان هەموو لایەنە نەتەوەییەکان و بەم هیوایە کە فەرهەنگی تێکەڵ بوون و یەکگرتن جێگای فەرهەنگی دابڕان و جیابوونەوە بگرێتەوە کە ئەم دیاردە نیو سەدەیە ڕێکخراوەکانی وڵاتمان لێک دەترازێنێت و گۆشەنشین دەکات. هیوادارین لە کورتماوەدا ئێمە وەک نەتەوە ببین بە خاوەنی کۆنگرەی ڕزگاریی، دەوڵەتی ڕزگاریی، یاسای بنەڕەتیی، ئارتەشێکی ڕزگاریی نەتەوەیی کە ئێمە لە خەونی ڕزگاریی و سەربەخۆیی نزیک بکاتەوە.

 دەبا ئەم یەکگرتنەی ئێمە بانگەوازێک بێت بۆ کردنەوەی دەرگای دیالۆگ لە پێناو نەتەوەیەکی یەکگرتوو بۆ ڕاماڵینی داگیرکەر لە سەرانسەری خاکی کوردستان و ژیاندنەوەی ڕۆحی کۆماری کوردستان و بەدی هێنانی خەونی سەربەخۆیی پێشەوا قازی مەحەمەد. بەم بۆنەوە بانگهێشتی هەموو لایەن و ڕێکخراو و کەسایەتییە ڕزگاریخوازەکان دەکەین بۆ ئەرک هەڵگرتن لەگەڵمان بۆ بنیاتنانی بزووتنەوەیەکی بەهێزی ڕزگاریی و ژیاندنەوەی هیوای وڵاتیكی سەربەخۆ و ئازاد لەناو کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان.

 بۆ پێشەوە بەرەو تێکۆشانێکی بێئامان بۆ ڕزگاریی کوردستان.

 

پارتی سەربەخۆیی کوردستان

٣ی گوڵانی ٢٧١٥ی كوردیی